نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەکەی دادگای پاریس دەرفەتێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوتی هەرێم

نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە "دەرفەتێکی زۆر گرنگ" دەزانێت، بۆ ئەوەی بتوانن دۆسیەی نەوت لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم چارەسەر بکەن کە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقی لەبەرچاو بگرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی فیرقەی (یەك و دوو) لە وەزارەتی پێشمەرگە وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند" دوای کاردانەوەی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس دەربارەی پرسی نەوتی هەرێم، دەبینین کە ئەم بڕیارە دەرفەتێکی زۆر گرنگە بۆ هەولێر و بەغداد، تا بتوانن بە یەکجاری چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی نەوت دابنێن". 

ئاماژەی بەوەشکرد" بەردەوام داوای دەرچوونی یاسای نەوت و گازمان کردووە، چونکە تەنیا ئەو یاسایە دەتوانێت ماددەی (١١٢)ی  دەستوور بە باشی کارا بکات". 

نێچیرڤان بارزانی جەختیشیکردەوە" ئێمە بەشێکی زۆر گرنگی ئەم دەوڵەتەین، پشتگیری لە بەرنامەی کاری حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین". 

هەروەها سەبارەت بەسەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغداد ئاماژەی بەوەکرد" ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە بەغدایە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوونی چارەسەرێکی سەرکەوتوو بۆ مەلەفی نەوت، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت ئەوا دەرگاکان دەکرێنەوە بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشەی تر". 

بارزانی لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی" ئامادەین بۆ لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و پەسەندکردنی بودجە مژدەی گرنگ و خۆشی دەبێت بۆ هەموو خەڵکی عێراق".


PM:12:08:04/04/2023