هەشت هەزار زیندانیكراوی عێراق سزاكەیان لەسێدارەدانە


هەشت هەزار زیندانیكراو لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان هەیە كە بەشی زۆریان كەیسەكەیان پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەیە. 
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاندووە، نزیكەی ٢٠ هەزار زیندانیكراوی سزادراو بە دۆسییەكانی تیرۆر لە زیندانەكانی عێراقدان و هەشت هەزاریان سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، سزای لەسێدارەدانیش بە مەرسومی كۆماری دەكرێت كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دەردەكرێت.
 
شوانی ئاماژەی بەوەكردووە، وەزارەتەكەی لایەنی پەیوەندیدارە لە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان و وتویەتی، لەو كاتەوەی پۆستەكەی وەرگرتووە ژمارەیەك سزا جێبەجێكراون، چونكە مامەڵەكانیان تەواوكرابوون.

هەروەها رایگەیاند "ئێستا هیچ مامەڵەیەكی نوێ و داواكاری بۆ لەسێدارەدان نییە و هیچ مەرسوومێكی كۆماریشمان بۆ جێبەجێكردنی سزای نوێی لەسێدارەدان پێنەگەیشتووە، وەزارەتی داد لیژنەیەكی بۆ وردبینیكردن لە مامەڵە و دۆسییەكان هەیە و پێش جێبەجێكردنی لەسێدارەدان رێوشوێنە یاساییەكان تەواو دەكات."
 
وەزیری دادی عێراق روونیكردۆتەوە "بابەتەكە تەواو پیشەییانە و یاساییە، هیچ گوشارێكی سیاسییمان لەسەر نییە. گرتوخانەكانی عێراق ئێستا 60 هەزار زیندانییان تێدایە كە تاوانی جیاوازیان كردووە، ئەوان بەسەر 28 گرتووخانەدا دابەشبوون. كێشەی قەرەباڵغی گرتووخانەكان پێویستی بە چارەسەرە." 



PM:05:08:07/04/2023