قوباد تاڵەبانی هەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاشکرا دەکات


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت، لەهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و گەشبینن هەوڵەكان ئەنجامی دڵخۆشكەریان هەبێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایگەیاندووە، لەڕووی دیپلۆماسییەوە لە هەوڵداین بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و گەشبینین هەوڵەكان ئەنجامی دڵخۆشكەریان هەبێت.(  باسی لە چۆنێتی ئەو هەوڵەو سەردانەکەی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەل سەرۆکی میت نەکردووە لە راگەیاندنەکەدا).

ئەم قسانەی قوباد تاڵەبانی، لە میانەی پێشوازیكردنی بووە  لە رۆزی كەیڤ، كونسوڵی گشتی بریتانیا كە باسی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادیشیان كردووە و دەڵێت، پێویستە هەردوولا پابەندی رێككەوتنەكە بن و وەك خۆی جێبەجێی بكەن. هەر لایەك پابەند نەبێت رێككەوتنەكە جێبەجێ ناكرێت و لەم حاڵەتەشدا زەرەرمەندی سەرەكی هاوڵاتیانی كوردستان دەبن.

ماوەی هەفتەیەكە توركیا گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرتووە و رێگەش نادات فڕۆكەی هیچ وڵاتێكی دیكەش بەسەر ئاسمانی وڵاتەكەیدا بۆ سلێمانی هاتووچۆ بكەن، لە چەند رۆژی رابردووشدا قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا و توركیای كرد.

دوێنێ ماڵپەری سپی وەك یەكەم میدیای كوردی لە هەواڵێكدا بلاویكردەوە، قوباد تاڵەبانیك جێگری سەرۆكی حكومەت بەمەبەستی چاككردنی پەیوەندیەكان لەگەڵ توركیا و كردنەوەی فڕۆكەخانەی سلێمانی سەردانی توركیای كرد،

هەروەها هاتبوو كە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند "دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا،  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ‌‌حكومەتی (ماوە بۆ درێژ كراوە ) گەیشتۆتە توركیا".

بەپێی  زانیاریەكانی ئەو هەواڵە هاتبوو، کە بڕیار بوو قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا و لەنێویانیشاندا هاكان فیدان بەرپرسی دەزگای میتی توركی كۆبێتەوە.

دەربارەی ئامانجی سەردانەكە ئاسای كردنەوەی پەیوەندییەكانی  نێوان یەكێتی و توركیایە، هەروەها كردنەوەی ئاسمانی توركیایە بە ڕوویی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی وئەنقەرە.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانی هەواڵەکە، داواكارییەكانی توركیا لە یەكێتی، گەمارۆدان و كەمكردنەوەی چالاكییەكانی پەكەكە و هێزە نزیكەكانی پەكەكە دەبێت.

ئەم جمووجۆڵیەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوە دێت كە ڕۆژی ٧ی نیسان، درۆنەكانی توركیا ئامانجێكی هاوبەشی ئەمەریكا و كوردانی ڕۆژئاوایان دەستنیشانكرد و بۆردومانی فڕۆكەخانەی سلێمانی كرد  بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و مادی نەبوو.

ماڵپەڕی سپی پەیوەندی كرد بە نوسینگەی قوباد تاڵەبانیەوە بۆ پشتڕاستكردنەوە و وەرگرتنی زانیاری زیاتر، بەڵام لەم بارەیەوەی لێدوانی فەڕمی دەست نەكەوت.




PM:07:24:12/04/2023