کەنەکە سەبارەت بە هێرشەکانى تورکیا یاداشتێک ئاڕاستەى پەرلەمانى عێراق دەکات

کۆنگرەى نەتەوەی کورد (کەنەکە) یاداشتێکی ئاڕاستەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کرد و رایدەگەیەنێت" هێرشەکانى تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم گەیشتوەتە ئاستێک کە هەموو سەروەرییەکانى خاکى عێراقى پێشێلکردوە". 

لە یاداشتەکەیدا کەنەکە رایگەیاندووە" دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی دوژمنکارانە لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانیدا دەڕوانێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی تورکیا گەیشتوونەتە سنووری سەرپێچیکردن دژی سەروەری و خاکی عێراق و پێشێلکردنی هەموو یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان. 

کەنەکە سەرەڕای ئیدانەکردنى رووداوەکەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی سلێمانى، داواى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کرد لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتی کۆمارەوە ئاسمانى تورکیا بەڕووى فڕۆکەخانەى سلێمانیدا بکرێتەوە. 

هەروەها داواشی کرد کە ئەو هێرشانە بۆسەر خاکى هەرێم وەک بەشێک لە دەوڵەتى عێراق کۆتاییان بێت و خاک و خەڵک و ژینگە و دامەزراوە مەدەنییەکانى هەرێم کاول نەکرێت.


PM:01:49:13/04/2023