وەزیری دەرەوەی توركیا: پەكەكە لە سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەكە و پارتەكەی تاڵەبانی كۆنتڕۆڵكردووە


مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا رایدەگەیەنێت "پەكەكە لە سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەكه و پارتەكەی تاڵەبانی بە تەواوی كۆنتڕۆڵكردووە".

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر ریەیند، وڵاتەكەی دژی هەموو جۆرە رێكخراوێكی "تیرۆریستی" دەوەستێتەوە و جیاكاری ناكات و وتی "نەك تەنیا فەرەنسا، ئەمریكاش لە سووریا هاوكاری پەكەكە و یەپەگە دەكەن، ئێمە پێمانوایە كە پشتیوانییەكانی ئەوان سنووردار نییە، پەكەكە لە سلێمانی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەكە و پارتەكەی تاڵەبانی بە تەواوی كۆنتڕۆڵكردووە،  هەروەها لەوێش كاریگەری و هەژموونی ئەمریكا هەیە، ئێمە دەزانین ئەم كارانە بۆچی دەكەن، لایەنێك دەڵێن تیرۆریست، لایەنێكی دیكە پشتگیرییەكان دەكەن، بەم شێوەیە شەڕی تیرۆر ناكرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "توركیا دژی هەر جۆرە رێكخراوێكی تیرۆریستی دەوەستێتەوە، بەبێ ئەوەی جیاكاری لە نێوانیاندا بكات، ئێمە دژی ئایدۆلۆژیای ئەوانیش دەوەستینەوە و بەردەوام دەبین بۆ نەهێشتنی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، كە ئەوروپا پاڵپشتی ئەوان دەكات".

لێدوانەكەی ئۆغڵو لە كاتێكدایە هەینی رابردوو بە درۆن هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەو كاتەشدا مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە و چەند سەربازێكی ئەمەریكی لە فڕۆكەخانە بوون و دواتر بەرەو رۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتنەوە.



PM:10:45:13/04/2023