کۆبانێ مەرجەکانی دەستپێكردنی دانوستانی لەگەڵ توركیا ئاشكراکرد

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هیوای دەخوازێت کە لە داهاتوودا بچێنە ناو سوپای سوریا، هاوکات دەشڵێت" مەرجی سەرەكی دەستپێكردنی دانوستانەکانمان لەگەڵ توركیا، پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی سوریا". 

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلشەرق ڕایگەیاند" هەسەدە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا پەرە پێبدات، بەڵام ئەو پێی وایە كە ڕژێمی سوریا لەوەدا بێدەنگ بووە". 

کۆبانێ ڕوونیشیکردەوە، هەسەدە هێزێكی سوریایە و بەشێكە لە سیستمی بەرگریكردن لە ناوچەكانی سوریا و هێزێكە كە دەبێت حسابی بۆ بكرێت و ژمارەی چەكدارەكانیشی (١٠٠) هەزار زیاترن. 

جەختیشیکردەوە کە هەسەدە دەبێت لە چوارچێوەی سیستەمدا بێت لە بەرگریکردن لە سوریا. 

وتیشی" هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە چارەسەری سوریا دەبێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبەرچاو بگیرێت، ئێمەش دەوڵەتی سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لەوە ئاگادارکردۆتەوە ئەگەرنا هیچ چارەسەرێک و یەکلاییکردنەوەیەک قبوڵ ناکەین". 

سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، عەبدی پێیوابوو کە" نابێت لەسەر حیسابی گەلی سوریا بێت، گەلی کورد دژی ئاساییکردنەوەیە لەسەر حیسابی خوێنی خۆی، هەربۆیە هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەم پەیوەندیانە ئەوە نییە کە چارەسەری سیاسیش لەبیر بکەین". 

جەختیشیکردەوە، دژی هەر ڕێككەوتنێك بوو كە دەستی ئەنقەرە لە سوریا ئازاد بكات و خوێنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەفیڕۆ بدات، بەڵام ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دانوستان لەگەڵ توركیا بەو مەرجەی كە كۆتایی بە داگیركردنی خاكەكانی سوریا بهێنێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد" تورکیا خاکەکانی ئێمە داگیردەکات و گەلەکەمانی لە عەفرین و ڕاس ئەلعەین و تەل ئەبیاد ئاوارە کردووە، بەڵام ئەگەر ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە بکات سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و گۆڕانی دیمۆگرافی و ڕاگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر گەلەکەمان، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە". 


PM:04:55:14/04/2023