سەبارەت بە ئەنجامدانی نوێژی جەژن و نوێژی هەینی بڕیاری یەكلاییكەرەوە درا


ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەو پێیەی ئەگەری ئەوە هەیە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بكەوێتە رۆژی هەینیەوە، پێویستە نوێژی هەینیش، هاوشێوەی نوێژی جەژن ئەنجام بدەن.

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بەو پێیەی ئەگەری ئەوە هەیە جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بكەوێتە رۆژی هەینی، هەر كاتێك جەژن و هەینی كۆبوونەوە لە یەك ڕۆژدا، ئەگەر خەڵكەكە جەژنیان كرد بە كۆمەڵ، ئەوە دەربارەی ئەنجامدانی نوێژی هەینی، لای جمهوری زانایانی ئیسلام، بەتایبەتی هەر سێ‌ مەزهەبی حەنەفی، شافیعی، مالیكی و زاهیریەكانیش پێیانوایە، بە هیچ شێوەیەك نوێژی جەژن، شوێنی نوێژی هەینی ناگرێتەوە ‌و نوێژی هەینیش شوێنی نوێژی جەژن ناگرێتەوە.

یەكێتی زانایان ئاماژەی بەوەكردووە "بە هیچ شێوەیەك ئەوە نەكرێتە مایەی دەنگە دەنگ‌ و ئاژاوە و قسە‌ و قسەلۆك‌ و دروستكردنی رارایی و كێشە نانەوە لەناو موسڵمانان، باشتروایە موسڵمانان بۆ دەرچوون لە خیلاف‌ و رای جیاوازی، بەشداری نوێژی هەینی بكەن، چونكە ئەو كاتی لەجیاتی پەنابردن بۆ روخسەت، دەستگرتنە بە عەزیمەت‌ و رۆیشتنە لەسەر رای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلامی، لە خیلافیش چوونەتە دەر، بەتایبەتتر كە ئێستا لە هەر كاتێك زیاتر پێویستیمان بە یەكدەنگی و خۆشەویستی و تەباییە."

ئەنجومەنی باڵای فەتوا وتوشیەتی "داوامان وایە هەموو ئەو موسڵمانانەی دەتوانن بەشداری نوێژ بكەن و هیچ بەهانەیەكی شەرعیان نییە، با ئامادەی مەڕاسیمی نوێژی جەژن و نوێژی هەینی بن، كە بەلایەنی كەمەوە ڕۆشتن و دەستگرتنە بە ڕای زۆرینەی زانایانی فیقهی ئیسلامی".



PM:03:31:15/04/2023