دوای سێ کاتژمێرونیو کۆبوونەوە
وەفدەکەی حکومەت جارێکی تر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆدەبنەوە


کۆبوونەوەی نێوان وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کە ئامانجەکەی گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاری یەکێتی بوو بۆ نێو حکومەت، دوا سێ کاتژمێر و نیو لە کۆبوونەوە، ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوەو بڕیار درا دوای جەژن جارێکی تر کۆببنەوە.

ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی هەرێمی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) کە پێکهاتبوون لە پشتیوان سادق، عەبدوڵا حاجی مەحمود، دانا عەبدولکەریم سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتیان کردو بۆ ماوەی سێ کاتژمێر و نیو کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵدا سازکرد.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " لەو کۆبوونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەی نەداوە کە خۆی و ستافی یەکێتی بگەرێنەوە نێو حکومەت، بەڵام رێککەوتن کە دوای رۆژانی جەژنی رەمەزان سەرلەنوێ کۆببنەوە.

وەفدەکەی بە قوباد تاڵەبانیان راگەیاندووە " گەر خۆت بڕیارت داوە نەگەڕێیتەوە، با وەزیرەکانتان بگەڕێنەوە"، بەپێی زانیارییەکانی ( سپی ) وەزیرەکانی یەکێتیش ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت بەبێ قوباد تاڵەبانی.

ماوەی مانگێک لەمەوبەر ( سپی ) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە قوباد تاڵەبانی و ستافی یەکێتی ناگەڕێنەوە نێو کابینەی مەسرور بارزانی، بە ئێستاشەوە یەکێتی سوورە لەسەر هەمان بڕیار و ستافی یەکێتی ناگەڕێنەوە بۆ نێو کۆبوونەوەکان.

لەبارەی هەڵوێستی مەسرور بارزانییەوە، ( سپی ) زانیوویەتی کە ناوبراویش " کەیفی " بەگەڕانەوەی ساتڤی یەکێتی نایەت بۆ نێو کۆبوونەوەکانی حکومەت.

هەر لەو بوارەدا لەگەڵ کۆتایی هاتنی کارەکانی ئەم لیژنەیە و دەرکەوتنی ئەنجامەکەی کە سەرەتاکەی ئاشکرایە، نەگەڕانەوەی ستافی یەکێتییە، لەم حاڵەتەدا مسرور بارزانی بریکاری وەزیرەکانی یەکێتی کە پارتین، دەکرێن بە وەزیر بە وەکالەت.



AM:01:30:18/04/2023