مەسرور بارزانی: نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت

کەمێک پێش ئێستا مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆ درێژکراوە)، پەیامێکی دەربارەی دابەشکردنی مووچە بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند" نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی موچە، نابێت موچە و قوتی خەلک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت". 

      
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی: 

ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان دەکەین و وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و فشارەکان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان باشتر بکەین.

ئێمە لە قۆناغە سەختەکانی کۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیرکردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتی خوای گەورە و پاڵپشتی هاووڵاتیانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی ڕەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە.

نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە. نابێت مووچە و قوتی خەلک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت. پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەلک و یاسادا بەرپرسیار بن.

مەسرور بارزانی


PM:01:31:20/04/2023