سەركردەیەكی پێشووی یەكێتی زانیاری نوێ سەبارەت بە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ كۆبوونەوەی حكومەت ئاشكرا دەكات


سەركردەیەكی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، قوباد تاڵەبانی بە شاندەكەی حكومەتی هەرێمی وتووە دیراسەی داواكانیان دەكات بۆ گەڕانەوەی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.

فەرەیدون عەبدولقادر، سەركردەی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندووە، "قوباد تاڵەبانی وتویەتی دیراسەی داوای شاندەكەی حكومەتی هەرێم دەكات بۆ گەڕانەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و وتویەتی هیوادارم كاك قوباد زوو دیراسەی داواكاری شاندەكەی حكومەت بكات و بگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "داوا لە كاك بافڵ دەكەم باز بدات بەسەر ناكۆكی و گرفتە بچوكەكان،  داواش لە كاك مەسعود دەكەم ئەو هەمیشە قسەی باشی كردووە میللەتەكەمان یەك بخات، من بەهەموو لایەكم وتووە كە میللەتەكەمان بێزاربووە لەو ناكۆكیانە، ئەو سەركردانەی ناتوانن ئیرادەیەكی یەكگرتوو دروست بكەن بۆ میللەتەكەمان ناتوانن بڵێن ئێمە سەركەوتووین". 

هەروەها باسی لەوەكردووە "ئەو مەئساتانەی لە سلێمانی هەیە هەر كەسێك بەرپرسەن دەبێت مەسرور بارزانی راستی بكاتەوە چونكە ئەو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەشێك لە كێشەكان ئەوەیە كاك قوباد هەست دەكات، لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا دەسەڵاتەكانی وەك پێویست نین". 

فەرەیدون عەبدولقادر وتویەتی "داهاتی ناوچەی سلێمانی ئێستا بەشی موچە ناكات، كاك قوباد تكات لێدەكەم بچۆرەوە سەر كارەكەی خۆت، كاك مەسرور ئاگادارم چۆن قەرز دەكەیت، بەڵام قەرزی زیاتر بكە بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی سلێمانی چارەسەر بكەیت".



PM:08:28:21/04/2023