سەبارەت بە بارانبارینی دوو رۆژی جەژن روونكردەوە دەدرێت


بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان رۆژانی سبەینێ و دووسبەی، لەنێوان كاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەری چالاكبوونەوەی ھەورە بروسكە و تاوە تەرزە و بارانی كورتخایەن لەھەندێ ناوچەدا ئەبێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاندووە، بەھۆی بەردەوامی نزمەپاڵەپەستۆكان لەسەر دەریای ناوەراست و كاریگەری لاوازیان لەسەر ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان لە رۆژانی یەكشەمە و بەتایبەت دووشەمە لەنێوان كاتەكانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەری چالاكبوونەوەی ھەورە بروسكە و تاوە تەرزە و بارانی كورتخایەن لەھەندێ ناوچەدا ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەكاندا كە رێژەی دابارین و شوێنی چربوونەوەی ھەورەكان دیاری نەكراوە لە نمە بارانەوە بۆ بارانی بەخوڕ و تەرزە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەكۆتایەكانی ئەم مانگەشدا بۆ سەرەتای مانگی ئایاری داھاتوو لەئەگەری ڕوونەدانی گۆڕانكاری پێشبینی دەكرێت كاریگەری ئەم نزمەپاڵەپەستۆیانە بۆ سەری دەریای ناوەراست بەردەوامی ببێت و چەند حاڵەتێكی ھاوشێوەی بارانبارین و ھەورە بروسكە لەو ماوەیەشدا ناوچەكە بگرێتەوە، بۆیە بە گشتی وەرزی بارانبارین لەناوچەكان كۆتای نەھاتووە، بەڵام بارانبارینی گشتگیر تا لەوەرزی گەرما نزیك ببینەوە كەمتر دەبێتەوە، بۆیە زیاتر بارانبارینەكانی كۆتایی ئەم وەرزە بەم جۆرەن ھەموو ناوچەیەك ناگرێتەوە وەك ئەوەی لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا ئەبینرێت.



PM:09:00:21/04/2023