زیاتر لە ٤٠٠ عەرەب هێرشدەکەنە سەر چەند کوردێک

ئەمڕۆ ٢٢ نیسانی ٢٠٢٣ بارگرژیی نێوان کورد و ئەو عەرەبانەی دوێنی هێرشیانکرد بووە سەر گوندی پەلکانە بەردەوامە، دوێنی رۆژی هەینی  زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە عەرەبی هاوردە لە گوندی پەلکانە بە دار و بەرد، رووبەڕووی هاوڵاتیانی کورد بوونەتەوە و زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی کوردی گوندەکە برینداربوون.

نوری حەمەعەلی فەرماندەی میحوەری ٥ی رۆژئاوای پارتی لە کەرکووک بە میدیاکانی پارتی ڕادەگەیەنێت، "هێزەکانمان لە نزیک پەلکانە بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان جێگیرکردووە کە رووبەڕووی ستەم دەبنەوە".

ئەوەشی خستۆتەڕو "پەیاممان بە هێزە عێراقییەکان گەیاندووە کە ئەو ستەمکارییە لە پەلکانە رابگرن".
بەپێی زانیارییەکان، عەرەبی هاوردە بەهاوکاریی حەشدی شەعبی لەنێو گوندی پەلکانە بەڵاوەیانکردووە.

هەر لەسەر ئەو پرسە، ئەمڕۆ شەممە، لوقمان عەلی، بەپرسی لیژنەی ناوچەی سەرگەڕانی پارتی، ڕاگەیاند، یەكەم ڕۆژی جەژن عەرەبە هاورده‌كان لە گوندی پەلكانە كۆ بوونەوە و هێرشیان كردە سەر چەند كوردێكی گوندەكە و شەڕیان ده‌فرۆشت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ شەڕ دروست بووه‌ و بریندار لە هەردوولا كەوتووەته‌وه‌.

دەشڵێت: هێزەكانی سوپا بارەگایان لە گوندەكە هەیە و هێزەكەی سوپای عێراقیش بۆ هێرش و داگیركاریی، پشتگیریی عەرەبە هاوردەكان دەكەن، دۆخەكەش نالەبارە و پێویستە بە تەواوی چارەسەری دۆخی ناوچەكە بكرێت.

گوندی پەلكانە، یەكێكە لە گوندە كوردییه‌كانی سەر بە ناحییەی سەرگەڕان، كە ژمارەیەك لە عەرەبە هاوردەكان لە دوای خیانتەی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ـه‌وە، چونەتە ناو گوندەكەوە و ناوە ناوە شەڕ بە دانیشتوان ڕەسەنه‌ كورده‌كه‌ی گوندەكە دەفرۆشن و هەوڵی داگیركردنی زیاتری زەویوزاری جووتیارانی كوردی گوندەكە دەدەن.


PM:06:48:22/04/2023