سلێمانی، تەرمی ژنێک لەماڵەکەیدا دۆزرایەوە

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "تەرمی ژنێکی بەڕەگەز عەرەب لەماڵەکەیدا دۆزرایەوە، دەشڵێت، ژنەکە بە تەنھا لەو ماڵەدا ژیاوە،  تائێستاش کەسوکارەکەی دیار نییە".

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "ئەو ژنەی کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ە و بە رەگەز عەرەبە، تەرمەکەشی لە ماڵێکدا لە سنووری گەڕەکی راپەڕین دۆزراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی ئەو ژنە رەوانەی پەیمانگەی پزیشکیی داد کراوە و ھیچ ئاسەوارێکی ئەشکەنجەدان یان چەقۆ یان تاوانی پێوەدیار نییە.

وتیشی، گومان دەکەن ژنەکە بە جەڵتە گیانی لەدەستدابێت، چونکە حەبیان لە ژوورەکەیدا دۆزیوەتەوە و دراوسێکانیشی وتوویانە کە نەخۆشبووە.

سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەش کرد، ئەو ژنە بە تەنھا ژیاوە، تائێستاش کەسوکارەکەی دیار نییە.


AM:11:24:23/04/2023