"زیاتر لە هەشت هەزار حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لەنێو سوپای ئەمەریکادا تۆمارکراون"

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، راپۆرتی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسیی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکردەوە، بە گوێرەی راپۆرتەکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، هەشت هەزار و ٩٤٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لەناو سوپای ئەمەریکادا تۆمار کراون.


بەمپێیەش لەناو سوپادا لەلایەن سەرباز، کارمەندی مەدەنی و ئەندامانی سوپای بیانییەوە هەشت هەزار و ٩٤٢ حاڵەتی دەستدرێژی بۆسەرسەربازانی ئەمریکی ئەنجامدراون.


لەکۆی ئەو حاڵەتانەش پێنج هەزار و ٩٤١یان بە فەرماندەیی و هێزەکانی بەرگریی راگەیەندراون، سێ هەزار و یەک حاڵەتیشیان تا ئێستا بەنهێنی ماونەتەوە، بەڵام وەک حاڵەتەکانی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی تۆمار کراون.


حەوت هەزار و ٩٥٨ حاڵەتیان لەلایەن سەرباز، ٤٤ یان لەلایەن کارمەندانی مەدەنی وەزارەت، ٦٩٨یان لەلایەن کارمەندانی مەدەنی دیکە، ١٤یان لەلایەن کارمەندانی گرێبەست، ٤١یان لەلایەن سەربازانی بیانییەوە ئەنجامدراون و١٨٧ حاڵەتیشیان ئەنجامدەرەکانیان نادیارە.


لە کۆی ئەو هەشت هەزار و ٩٤٢ حاڵەتەی کە تۆمار کراون، دادگا لە بارەی سێ هەزار و ٩٢٨ حاڵەتییانەوە گەیشتووەتە ئەنجام، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ١٨٨ حاڵەتیان لەلایەن فەرماندەیی پەیوەندیدارەوە لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.


فەرماندەیی پەیوەندیدار دەربارەی دوو هەزار و ١٧٧ حاڵەتیان، بەڵگەی پێویستی بەدەستهێناوە، هەزار و ٣١ حاڵەتیشیانی ناردووە بۆ دەسەڵاتی دادوەری و ٤٠ حاڵەتیشیان بێبنەما دەرچوون.





PM:11:32:28/04/2023