" سپی " زانیاری ورد لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی گۆڕان و یەکێتی بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ یەک شەممە لە دەباشان لەلایەن قوباد تاڵەبانی کەسی دووەمی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشوازی لە وەفدێکی بزووتنەوەی گۆڕان کرا کە لەلایەن مستەفای سەید قادرەوە سەرۆکایەتی دەکرا، لەو کۆبوونەوەیەدا چەند پرسێکی گرنگ باس کراوە، ماڵپەڕی " سپی " زانیاری رانەگەیەندراو بڵاودەکاتەوە. 

هەرچەندە لەو کۆبوونەوەیەدا راگەیاندنێکی فەرمی بڵاوکرایەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەو هەنگاوە کرداریانە نەکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری لەسەر دارە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دوو پرسی گرنگ دراوە، یەکێک لە پرسەکان، لە هەفتەی داهاتوودا تیمی وەزاری گۆڕان و یەکیتی کۆدەبنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بارو دۆخی سیاسی گشتی هەرێم و عێراق و پرس و کێشەکانی حکومەتی هەرێم و پرسی داهات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەروەها لیژنەیەکیش پێکهێنراوە بۆ دیراسەکردنی پۆستەکانی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی و ناوچەکانی سەوز و گۆڕان و پشکەکانی هەردوولا، دوای ئەوەی راپۆرتێک ئامادە دەکەن سەرکردایەتی هەردوولا بڕیار لەسەر گۆڕانکارییەکان لەو پۆستانەدا دەدەن.
 
ئەمرۆ وەفدێکی گۆڕان سەردانی گردی دەباشانیان کردو لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتی کۆبوونەوە کە لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە سەرۆکایەتی دەکرا.

AM:12:35:02/05/2023