لە پارێزگایەکی هەرێم دەست بە دابەشکردنی هێلکەی بەشەخۆراکی رەمەزان کرا

بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسووڵەی خۆراک لە هەولێر رایگەیاند، "دەستیان کردووە بە دابەشکردنی ئەو هێلکەیەی بۆ سەبەتەی بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان زیادکرابوو".

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ دەستیان بە دابەشکردنی ئەو هێلکەیە کردووە کە وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ سەبەتەی بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان زیادیکردبوو.

باسی لەوەشکردووە، هەر خێزانێك یەک تەبەق هێلکەیان پێدەدرێت و لە هەمان رۆژی گەیشتنی بە کۆگاکان هێلکەکە دابەشدەکرێت.

ئەوەشی خستووتەڕوو، بەرواری هێلکەکان نوێن، بەڵام پێویستە بریکارەکان زوو هاوڵاتیان ئاگادار بکەنەوە کە هێلەکەکەیان وەربگرن.

لە ١١ی ئازاری ئەمساڵدا محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازێکی وەزارەتی بازرگانی پەسەند کردووە کە داواکراوە چوار ماددەی خۆراکی بۆ بەشەخۆراکی مانگی رەمەزان زیادبکرێت کە ئەوانیش بریتین لە "نیو کیلۆگرام نیشاستە، یەک کیلۆگرام شعریە، پێنج کیلۆگرام ئاردی سفر لەگەڵ یەک تەبەق هێلکە" بۆ هەر خێزانێک".



PM:06:35:03/05/2023