کۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریكا‌و (UN) دەستی پێکرد

كۆبوونەوەی شاندی دانوستانكاری كورد‌و سەركرایەتی سیاسی كورد بۆ تاوتوێكردنی بەشداری كورد لەحكومەتی بەغدا بەبەشداری نوێنەرانی ئەمەریكا‌و نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێكرد.

لەئێستادا نوێنەرانی ھەر پێنج لایەنە سەرەکییەکەی کوردستان و لیژنەی دانوستاکاری کورد، لە (مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان) لەشاری سلێمانی، لە کۆبوونەوەدان بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر لەسەر بەشداریکردن یاخود کشانەوە لە کابینەی نوێی حکومەتی عیراق.

بەپێی زانیارییەکان، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵات و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکۆبوونەوەکەدا بەشدارن.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری ھەریەک لە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و محەمەد فەرەج ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و چەند بەرپرسێکی باڵای ھەر پێنج حزبەکە بەڕێوەدەچێت.  



PM:03:44:08/09/2014