لە سلێمانی ڕێگە نەدرا کەرنەڤاڵی پشتگیرکردن لە پارتی چەپی سەوز و کوردانی باکور ئەنجام بدرێت

بڕیاربوو دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە سەکۆی ئازادی شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێک بە ناوی (سەرکەوتنی ئێوە، شکستی فاشیزم و دیکتاتۆرییە) بۆ پشتگیری لە پارتی چەپی سەوز و کوردانی باکوری کوردستان ساز بکرێت، بەڵام لە لایەن ئیدارەی پارێزگاکەوە ڕێگری لە ئەنجامدانی کرا.

لەوبارەیەوە ڕێکخەرانى کەرنەڤاڵی پشتیوانى ڕاگەیەنراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێن" ئێمەی ڕێکخەرانی کەرنەڤاڵی ٨ی ئایار بۆ پشتیوانی پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنی تورکیا، پێتان ڕادەگەیەنین پاش تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و تەواوبوونی ئامادەکاریەکان، ئیدارەی سلێمانی ڕێگریان لە ئەنجامدانی چالاکییەکە کرد". 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ڕێکخەرانى کەرنەڤاڵەکە ئاماژە بەوەش دەکەن، سەرباری پشتیوانی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز کە کەوتنی ئەردۆغان دەبێتە سەرەتای دوورخستنەوەی شەڕ و لاوازبوونی فکری فاشیزم بە ئاڕاستەی ئاشتی و دیموکراسی و پێکەوە ژیان، داوا لە گەلی کورد و ئازادیخوازان دەکەن پشتگیری هەدەپە و پارتی چەپی سەوز بکەن.

بریارە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە ٨١ پارێزگاش سندوقی دەنگدان دانراوە.


AM:11:41:08/05/2023