نێچیرڤان بارزانی: بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان چاوەڕێی پەرلەمانی كوردستانین



سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت، بەپێی دەسەڵاتەكانی خۆی، رۆژی هەڵبژاردنی دەستنیشان كردووە و ئەوەی دیكەش لەسەر پەرلەمان دەمێنێتەوە، كە دەبێت كۆمسیۆن و ئەوانی دیكە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە و كاربكرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) لە دوای بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی كردنەوەی "یادگەی نیشتمانی بارزانی" بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پەیامی مەسعود بارزانی پەیامی ئاشی، یەكترقبوڵكردن و پەیامی دانیشتن بوو پێكەوە، ئینشائەڵا ئەوە دەبێتە دەستپێكردن و سەرەتایەكی باش بۆ ئەوەی هەمو كێشەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "دەستپێشخەرییەكەی رونە و داوا دەكات هەمو لایەنەكان پێكەوە دابنیشن، تەسەور دەكەم دەستپێكردنێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەمو كێشەكان بە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكان چارەسەر بكەین، گرنگە ئەوەیە لایەنەكان كۆببنەوە، لەهەر شوێنێك كۆببنەوە، پشتگیریی دەكەین".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی وتی  "بەپێی دەسەڵاتەكانی رۆژی هەڵبژاردنم دەستنیشانكردوە و ئەوەی دیكە لەسەر پەرلەمان دەمێنێتەوە، كە دەبێت كۆمسیۆن و ئەوانی دیكە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە و كاربكرێت، ئێمە ئێستا چاوەڕێی ئەو هەنگاوانەین و هیوادارین ئەم هەنگاوانە دوای ئەوەی كە هەمو لایەنەكان پێكەوە دانیشتن، ئەوانەش چارەسەر بكرێن و هەڵبژاردن لەو كاتەی ئێمە دامانناوە بكرێت". 



PM:04:00:11/05/2023