وەزارەتی نەوتی عێراق: رۆژی شەممە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمشەو رایگەیاند " رۆژی شەممە دەستدەکرێتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی لە رێگای بەندەری جیهانەوە". 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند" کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بە کۆمپانیای بوتاشی تورکی راگەیاندووە رۆژی شەممەی داهاتوو رێکەوتی ١٣ی ٥ی ٢٠٢٣ دەست بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکاتەوە".

لەو راگەیاندنەدا هاتووشە" حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە، سەرجەم گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوت لە بەندەری جەیهان تەواوبووە واژۆکراون بەگوێرەی ئەو میکانیزمانەی کۆمپانیای سۆمۆ پشتییان پێدەبەستێت".

ئەمڕۆ ١١ی ئایار وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کۆمپانیای سۆمۆ لە رۆژی ١٠ی ئایار بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکیی کردووە پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوت لەڕێگای بۆری کەرکوک-جەیھان دەستپێبکرێتەوە و چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەن.




PM:10:32:11/05/2023