یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" حکومەتی عێراق سەرەتای هەفتەی داهاتوو بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت".
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ( ماوە بۆ درێژکراوە ) بەڕووداوی راگەیاندووە" لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بڕە پارەیەکی دیکە لە بەغداوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت".
رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی راگەیاندووە و هەر بەپێی خشتەکەش دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
رێباز حەملان باسی لەوە کرد، ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسند بکرێت، ئەوە گەرەنتییەکی گەورە دەبێت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ''بێگومان ئەوە دەرگەیەکی باشە بۆ کردنەوەی ئابووریی باشتر و چاککردنی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان."
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی مووچەوە، رێباز حەملان وتی" لە کۆبوونەوەی ئامانج رەحیم و دارا رەشید لەگەڵ ئومێد سەباح دوای گەرانەوەی تیمی یەکێتی بەرنامەیەکی داراییان بۆ سەرانسەری هەرێمی کوردستان داڕشتووە؛ بەرنامەکەش رێکخستنەوەیەکە لەسەر خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی لە سەرجەم سێکتەرەکان و لەسەر ئەوەش قسە کراوە کە شێوازی کۆکردنەوەی داهات لە هەرێمی کوردستان رێکبخرێتەوە".