وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە


وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی دوێنێ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەری سوپای عێراق، گومان دەكرا كە دزەیان كردبێتە سنوری هێزەكانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵ كردنیان ئەنجامداوە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "دوای ئەوەی دوێنێ تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەری سوپای عێراق، گومان دەكرا كە دزەیان كردبێتە سنوری هێزەكانی پێشمەرگە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرواری لیوای 21ی پیادە، لە سنوری چالاكی لیواكەیان، ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵ كردنیان ئەنجامدا".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا فەوجی 2ی لیوای 21ی پیادە و سریەی كۆماندۆ بەشداربوون، ناوچەی زێی گوێڕ و ناو چەم و روبارەكانی گوێر كیوماڵ كرا، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە چڕ بوون گومانی زیاتریان لێدەكرا.

لە راگەیەندراوەكەدا روونیانكردۆتەوە، كاتژمێر 10:30ی بەیانی ئۆپەراسیۆنی بەیانی كۆتایی هات، پاشان دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ زیاتر دڵنیاكردنەوەی هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەكە دەڤەرەكە  كێوماڵ كرایەوە.


وەزارەتی پێشمەرگە وتویەتی، هاوڵاتیانی ناوچەكە دڵنیا دەكەنەوە كە ناوچەكە ئارامە و هەمو هەوڵێك دەدەن، ئاسایش و ئارامی ناوچەكە و خەڵك بپارێزن.



PM:10:58:12/05/2023