بافڵ تاڵەبانی دڵخۆشە بە دەستپێشخەریەکەی مەسعود بارزانی


سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند " دڵخۆشین بەو دەستپێشخەرییەی کاک مەسعود و هەر چاوەڕوانی ئەوەمان دەكرد، لێرەشەوە سوپاسی دەكەم كە چەند جارێك لە دۆخی تەندروستی پرسیوم".

بافڵ تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە لە سلێمانی سازیکرد، رایگەیاند " هەندێك كێشە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە هەیە، بەڵام هەڵبژاردن دەكرێت و دەبێت گرفتەكانی بەردەمی چارەسەر بكرێن".

 لە درێژەی وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووساندا، سەرۆکی یەکێتی وتی" پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتەکەی کاک مەسرور بڕیارێکی زۆر ئازایانەیان دا، وەک دەزانن قەیرانی ئابووری لە هەموو دنیا هەیە، بەڵام ئەم حکومەتە توانی گوێ لە هەموو لایەک بگرێت و زۆر بە ئازایانە توانی بڕیارێکی جیاوازتر بدات و بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات تاوەکو خزمەتی کوردستان بکات." 
 
لە بارەی مووچەوە بافڵ "ئێستا مووچە بووە بە ئەولەویەت و پرۆژەکان بە دادپەروەری جێبەجێ دەکرێن؛ ئەوانە دوو هەنگاوی زۆر باش بوون و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشێک بوون لەم بڕیارە؛ بۆ ئەمەش زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنەکان، جگە لە چەند کەسێک، لەگەڵ حیزبەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن هاوکارمان بوون؛ سوپاسێکی گەورەی جەنابی کاک مەسرور و کاک قوباد دەکەم کە توانیان زۆر ئازایانە ئەم بڕیارە بدەن." 

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشکرایکرد کە سەنتەرێكی پەیوەندی بۆ گفتووگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ھاووڵاتیان دەکاتەوەو رایگەیاند "بیرۆكەی دروستكردنی سەنتەرەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتادا وەڵامی هەموو پەیوەندییەكم دەدایەوە تا كار گەیشتە ئەوەی لەلایەن كەسێكەوە ژمارەی تەلەفۆنەكەم بڵاوكرایەوە و ئیدی نەتوانرا وەك پێویست داواكاری هاووڵاتیان بگاتە لای من، بۆیە بیرمان لە كردنەوەی كۆڵ سەنتەرێك كردەوە بۆ ئەوەی پەیام و داواكاری هاووڵاتیان باشتر بگاتەلامان".



PM:05:51:16/05/2023