لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان پەیامێكی بڵاوكردەوە


بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، نەوشیروان مستەفا تاوەكو دوا ساتەكانی ژیانی رۆحی روبەڕوبونەوەی لە دەست نەدا، بۆ خەڵك ژیا و گریانی قوڵی سەدان هەزار هاونیشتمانی سەلمێنەری ئەو راستیە بوون.

بزوتنەوەی گۆڕان لەپەیامێكدا لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری پێشووی بزووتنەوەكە رایگەیاندووە "رەوانشاد نەوشیروان مستەفا تاوەكو دوا ساتەكانی ژیانی رۆحی روبەڕوبونەوەی لە دەستنەدا، بۆ خەڵك ژیا و گریانی قوڵی سەدان هەزار هاونیشتمانی سەلمێنەری ئەو راستیە بون، كە سەركردەی نیشتمانی و ڕاستگۆو ڕیفۆرمخواز میللەتی لەگەڵدایە، هۆكاری ئەمەش رون بوو، چونكە لای ئەو هێزی وڵات و حكومەت و سەركردەكان لە زامنكردنی مافی خەڵكدایە و هێزی خەڵك و شەرعیەتی دیموكراتی سەرچاوەی فەرمانڕەواییە". 

گۆڕان ئاماژەی بەوەكردووە "لە ئامادەیی نەوشیروان مستەفا ئازادی و كەرامەتی هاوڵاتی كورد تا رادەیەكی زۆر پارێزراو بو، رەوانشاد كاری بۆ دەوڵەتی قانون، دادپەروری كۆمەڵایەتی، یەكسانی لە ماف و ئەرك، شەفافیەت، سوپایەكی نیشتیمانی، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بەهێز، پەرلەمانی بەهێز و نوێنەری خەڵك كرد، هەمو ئەم ئامانجانە بۆ چاكەی گشتی و قازانجی خەڵك بو، هەر ئەوەش بو وایكردبو خەڵك متمانەی بە ڕەوانشاد و پڕۆژە سیاسی و ڕیفۆرمخوازیەكانی ببێت و لە ئامادەی رەوانشاددا 75% هاونیشتیمانیان متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن هەبو، بەڵام ئەو متمانەیە تادێت لاوازتر دەبێت".

هەروەها وتویانە  "پاش شەش ساڵ یار و نەریار گەیشتون بەو باوەڕەی كە بەرنامە و پاكێجانەی ئەو چارەسەرێكی بنەڕەتی بون بۆ كێشەكان، رێگەی رزگار بون لە بازنەی قەیران و ناكۆكی و گەندەڵی و نادیموكراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە، ئەمڕۆ خواستی گۆڕانكاری سیاسی و سەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بوە بە خواستی دەوڵەتە دیموكراتییە دۆستەكانی هەرێمی كوردستان، لە ناویاندا ئەمریكا، فڕەنسا، بریتانیا، ئەڵمانیا، یەكێتی ئەوروپا و زۆر دەوڵەتی دیكە".



PM:09:22:18/05/2023