كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: دەتوانین سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەین


كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەربڕیوە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە رۆژی 5ی ئەم مانگە ئاڕاستەی  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی كردووە سەبارەت بەوەی دەتوانن سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، كۆمسیۆنیش ئەمڕۆ وەڵامی داونەتەوە و رایگەیاندووە، دەتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەببات.
 
دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئیمزای نوسراوەكەی كردووە و بەپێی زانیارییەكانیش، دادوەر عومەر لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە نزیكە.

دەبوو ماوەیەك لەمەوبەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی سەبارەت بە داوا یاساییەكان بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان دەربڕیایە، بەڵام بەهۆی ئەو سكاڵایانەی بەمدواییە نوێنەرانی یەكێتی لەبارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و یاسای هەڵبژاردنی كوردستان تۆماریان كرد، بڕیارەكەی خۆی راگرتووە.
 
ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی كرد، بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پاشان رێواس فایەق، كۆبوونەوەكەی دواخست، بەڵام دواتر فراكسیۆنی پارتی رایەیاند كە بە دەنگی 58 پەرلەمانتار كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، فراكسیۆنی یەكێتیش ئەو قسەیە رەتدەكاتەوە.



PM:05:47:22/05/2023