لەسەر پۆستی فیسبوك رۆژنامەنوسێك و چالاكوانێك دەدرێنە دادگا

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لەسەر پۆستی فیس بوك بەرپرسێكی ئەمنی دوو داوای یاسایی دژی بە پەیامنێریكی كەناڵی   KNN  و چالاكوانێكی ناحیەی پیرەمەگرون تۆمار دەكات.

رۆژی 2ی ئەیلول چەند چالاكوانێكی كۆمەڵی مەدەنی لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە قەزای دوكانی پارێزگای سلێمانی، وەك نارەزاییەك بەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی بەنزین خۆپیشاندانییان رێكخست. بە هۆی بڵاوكردنەوەی دوو پۆست لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فیس بوك) سەبارەت بە گرفتەكانی رۆژی خۆپیشاندانەكە، پەیامنێری KNN (فاتیح ناسیح و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی شۆڕش رەئوف)، بانگ دەكرێن بۆ لێكۆلێنەوە.

شۆڕش رەئوف بە سەنتەری میترۆی وت، لە پۆستەكەمدا باسم لەوە كردوە كاتژمێرێك دوای خۆپیشاندانەكە پۆلیس دەچنە سەرماڵی هاوڕێ و یەكێك لە ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكە بە ناوی (كەیوان عوسمان) لە بنكەی پۆلیس پێیان ڕاگەیاندووە"ئەگەر بمانویستایە یەك بە یەكی خۆپیشاندەرانمان بە شەق دەهێنایە خوارەوە" وتومە " نازانم پۆلیس دەبێت لە شەق بمانپارێزێت یا خۆی بكەوێتە شەق تێهەڵدان؟!!"
هەروەها چەند نمونەیەكی لە روداوی كوشتنی هاوڵاتیان خستۆتە روو كە پۆلیس دەستی نەگەیشتوە بە بكەران دواش دەكاتن پۆلیس " بفەرموون بكوژان و فڕێنەران بدۆزنەوە و دەستگیریان بكەن نەك بەشەق بكەونە وێزەی خەڵكی ئازادی خواز."

فاتیح ناسیح پەیامنێری كەناڵی KNN  بە میترۆی راگەیاند لەسەر هەمان بابەت پۆستێكم بڵاوكردۆتەوە پاش ئەوە بەچەند رۆژێك بانگ كراین بۆ بنكەی پۆلیسی پیرەمەگرون لەسەر ئەو پۆستە لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی پیرەمەگرون لێكۆڵنەوەمان لەگەڵ كراوە. وتی" هەریەكی بە ملیۆنێك دینار كەفالەت ئازاد كراین"

وەك  ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانە باسیدەكەن ، ئەوان جگە لەو داوا یاساییە، دوو داوای یاسایی تریان لەسەر تۆمار كراون كە بە پێی بڕگەكانی یاسای سزادانی عێراقین.

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە بەرپرسان دەكات لەبری هەراسان كردنی رۆژنامەنوسان و رەخنەگرانی دەسەڵات رێز لەو یاسایانە بگرن كە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پاراستنی رۆژنامەنوسان و ئازادی رادەربڕین بڕیاریان لەسەر دراوە بۆ جێبەجێكردن. جەختدەكەینەوە " دەبێت بەرپرسان جیاوازی بكەن لە نێوان رەخنە و ناوزڕاندن" دا.



PM:02:28:10/09/2014