بڕیاردەری ئەنجوومەنی كۆمسیارانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبونەوەیەك ناكەم لە ئێستا و لە داهاتوودا كە تێبینی و ڕەخنەی یاسایی لەسەر بێت".
ئیسماعیل حەمە عەلی خورماڵی بڕیاردەری ئەنجومەنی كۆمسیارانی هەرێم روونكردنەوەیەكی بۆ ڕای گشتی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە" لە ماوەی هەشت ساڵ و نیو كاری كۆمسیاری لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، هەمیشە كار و چالاكی و هەڵوێستەكانم بە شێوەیەكی پیشەیی و ئەرێنی بووە. لەو ماوەیەدا چەندینجار ئەوەم ڕاگەیاندووە كە بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبونەوەیەك ناكەم كە هۆكار بێت بۆ لێكترازان و كاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر پێگەی كۆمسیۆن و دژ بێت بە ئاشتەوایی و بێلایەنی و ئارامی سیاسی كوردستان بشێوێنێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە" سەبارەت بە نوێكردنەوەی كۆمسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان لە بەرواری ٢٣ی ٥ی ٢٠٢٣ بەدەر لەو تێبینی و ڕەخنە یاساییانەی كە هەبووە و هەیە لەسەر پرۆسەكە، بەگشتی بە حاڵەتێكی نا تەندروستی دەبینم و وادەزانم خزمەت بەو قەناعەت و مەبدەئەی كاری بەردەوامی من ناكات".
دەشڵێت" لەو سۆنگەیەوە وەك هەڵوێستێكی مەبدەئی و دوور لە لایەنگیری یان دژایەتی هیچ كەس و لایەنێك ڕایدەگەیەنم كە بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبونەوەیەك ناكەم لە ئێستا و لە داهاتوودا كە تێبینی و ڕەخنەی یاسایی لەسەر بێت و لە كەشێكی ئارام و تەندروستدا نەبێت و خزمەت بە كۆی پرۆسەی سیاسی كوردستان و ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پێكەوەژیان نەكات لە كوردستان".
ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە پهرلهمانى كوردستان کۆبووەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا گرژی لە نێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی دروستبوو، پاشان رێواز فایەق كۆبوونەوەكەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، بەڵام دواتر فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند، كۆمسیۆن كاراكراوەتەوە، فراكسیۆنی یەكێتی و بهشێك له فراكسیۆنهكانى دیکە دهڵێن" كۆبوونهوهکە بهشێوهیهكى یاسایی كۆتایهات و دهرئهنجامهكانى هیچ بههایهكى یاساییان نیه".