یەکێتی: بە تەنها گێڕانەوەی مووچەو دادپەروەری پارێگزگاکان پێشنیاری ئێمە بووە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، " ئەو خاڵانەی زیاد کراون بۆ پرۆژە یاسای بودجە، تەنها دوو بابەت پێشنیاری ئێمە بووە، بابەتی گێڕانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و بابەتی دادپەروەری لە نێوان پارێزگاکان، تا گەرەنتی هەبێت پارێزگایەک هەست بە ماف خوراوی نەکات". هەروەها داوای هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجە دەکەن.

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا  دەڵێت " کۆمەڵێک کاری نا دادپەروەری وایکرد یەکێتی هەڵوێستی هەبێت و هیچ هەوڵێک بۆ لەتکردنی هەرێم لە ئارادا نییە".

ئەو پێیوایە، ئەو بڕگەیەی لە پرۆژە یاسای بودجە کە باس لە پێدانی شایستەی دارایی هەر پارێزگایەک دەکات لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەر گازندەی هەبێت، بڕگەیەکی ئاساییە و کاریگەری نابێت.

لە بارەی خیانەتەوە کە هەردوو حیزب ناوبەناو یەکتری پێ توانابار دەکەن دەڵێت "ئێمە قسەمان لەسەر ١٦ ی ئۆکتۆبەر زۆرە، ئەمەی کراوە نە خیانەتە و نە هیچ، خیانەت خواردنی ماڵی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دۆسیەی نەوتە".

یەکێتی تێبینییەکانی خۆی کۆکردۆتەوەو لەسەر رای خۆیان لە پرۆژە یاسای بودجەو سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان  دەڵێت " ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەم مادەیە هەیە، چۆن داوای ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە نەوت بکرێت و لەولاشەوە دەرهێنانی نەوتی لە بیرە نەوتییەکان لێ قەدەغە بکرێت، دەکرێ ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن". 

هەرێم کەمال ئاغا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جگە لە پاشەکەوتی موچە و دادپەروەری نێوان پارێزگاکان، تێبینییان لەسەر مادەکانی تری پرۆژە یاسای بودجە هەیە و پێشنیاریان بۆ هەموارکردنەوەی پێشکەشکردووە.



AM:11:37:28/05/2023