چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ماددەکانی پشکی هەرێم پێشنیارێکی نوێ دەخاتەڕوو

شارەزا و ئابوریناسێکی دیاری عێراق پێشنیارێکی نوێی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان سەبارەت بە دوو بڕگەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق ئاشکرا دەکات.

لەمبارەیەوە نەبیل مەرسومی شارەزا و ئابوریناسی دیاری عێراق، لە پۆستێکیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" ئەمڕۆ سێشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیارێکی نوێی لەسەر بڕگەکانی (١٣ و ١٤)ی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان پێشکەش کردووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە" بەپێی پێشنیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پێویستە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٤٠٠) هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت سۆمۆ بکات، هەروەها هەماهەنگی فرۆشتنی نەوتی خاو لەگەڵ ئەم کۆمپانیایەشدا بکات". 

مەرسومی لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا ئاشکراشیکردووە" لە ئەگەری ئەوەی نەتوانرێت لە ڕێگەی بەندەرەکانی تورکیاوە نەوت هەناردە بکرێت، هەولێر نەوتەکە ڕادەستی بەغداد دەکات، وەزارەتی نەوتیش لە بەرامبەردا بەدیل بۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستان یان بە کارهێنانی لە ناوخۆدا دەدۆزێتەوە". 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو هەردوو ماددەی (١٣ و ١٤)ی لە پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند کرد، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ناچار بکات مانگانە (١٠%)ی مووچەی لێبڕدراو بۆ فەرمانبەرانی بدات، لەکاتێکدا ئەمە لە هەموارکردنەوەی بودجەدا خراوەتەڕوو کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ئەم بڕیارەش نارەزایەتی دەستەی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە بەرامبەر بەو هەمواری بڕگانەی پەیوەست بە هەرێم لە بودجەی داراییدا کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵی پەسەندکردنی دەدات و بە پێشێلکردنی یاساکان و دەستور و ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هەولێر و بەغداد ئەنجامدرا ناوەزەند دەکەن.


AM:10:32:30/05/2023