ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی رۆژهەڵات داوایەك ئاڕاستەی جیهان دەكەن


ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوا لە كۆمەڵگەی جیهانی دەكەن لە بەرامبەر كردەوە و جموجۆڵەكانی ئەمدواییەی كۆماری ئیسلامیدا بێدەنگ نەبن.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایانگەیاندووە "ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لەبەرانبەر ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵك و ڕابوونی ژینادا بەچۆكدا هاتووە، بە شەپۆلێكی نوێی ئێعدام و سەركوتی خەڵك لەلایەك و، بە لەشكەركێشی و هەڕەشەی هێرش بە مووشەك و دڕۆن بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەتەمای قەڵاچۆ و كۆمەڵكوژكردنی ژنان و منداڵان و پەنابەرانی كوردی ئێرانییە كە ساڵانێكە لە عێڕاق نیشتەجێن، بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین لە ئاست ئەو تاوانانەدا بێدەنگ نەبن".

دەقی پەیامەكە.... 

خەڵكی خەباتكار و ئازادیخوازی ئێران و كوردستان!
كۆڕ و وڵاتان و ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ!

ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لەبەرانبەر ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵك و ڕابوونی ژینادا بەچۆكدا هاتووە، بە شەپۆلێكی نوێی ئێعدام و سەركوتی خەڵك لەلایەك و، بە لەشكەركێشی و هەڕەشەی هێرش بە مووشەك و دڕۆن بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەتەمای قەڵاچۆ و كۆمەڵكوژكردنی ژنان و منداڵان و پەنابەرانی كوردی ئێرانییە كە ساڵانێكە لە عێڕاق نیشتەجێن.

هەموو دەزانین كە كوردستان ئاخێزگەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو. ئێمە حیزبە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران بە بەردەوامی پێداگریمان لەسەر بزووتنەوەی مەدەنی و ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵك لەسەر شەقامەكان كردووە و بەتایبەت لە سنوورەكانی كوردستانی عێڕاقەوە هیچ چەشنە جووڵەیەكی سەربازیمان نەبووە و نیشمانە. كەچی ڕێژیم بەو بیانووە بەردەوام ئێمە و بنكە مەدەنییەكانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی سڤیل و ژن و منداڵی بە مووشەك و دڕۆن بۆمباران كردووە و لەو سۆنگەیەوە گیان و ماڵ و خەڵكی كوردستانی عێڕاقیش لەو هێرش و دەستدرێژییانەدا پارێزراو نەبوون.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران داوا لە هەموو وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی جیهان و بڕیاربەدەستی ناوچە، كۆڕوكۆمەڵە سیاسییەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ دەكەین لەهەمبەر جینایەتەكانی كۆماری ئیسلامی دەرحەق بە حیزبە سیاسییەكان و پەنابەرانی كوردستانی ئێران بێدەنگ نەبن و هەنگاوی بەكردوەیان بۆ پێشگرتن بەو كارەساتانە هەبێت. هاوكات داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان و ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەكەین كە بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی سەرشەقام وەڵامیان بۆ دەستدرێژییەكانی سپای پاسداران هەبێت.

مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی
بمێنێ و بەهێزتر بێت یەكیەتیی خەبات و خۆڕاگریی خەڵكی ئێران دژی ڕێژیم
ژن، ژیان، ئازادی

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی
١ی ژۆئەنی ٢٠٢٣ی زایینی




AM:12:16:02/06/2023