سەركردەیەكی یەكێتی: هیچ هێزێك ناتوانێت بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ نەكات


سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێت بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ "نادەستوری" ناساندنی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان جێبەجێ نەكات.

ڕابیحە حەمەد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای ئەو حیزبە بە (دەنگی ئەمەریكا)ی راگەیاندووە، دەبێت چاوەڕێی قۆناغەكانی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بكەن لەسەر بە "نادەستوری ناساندنی درێژكردنەوەی پەرلەمان"، چونكە سكاڵای تریش ماون تا یەكلایی بكرێنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دەبێت هەموان ملكەچی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بن و پێكەوە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەن "یەكێتی ژیرانە مامەڵە دەكات و هەرچی بەرژەوەندی خەڵكی تێدا بێت ئەنجامی دەدات."

سەبارەت بەوەی یەكێتی دووچاری گرفت نابێت گەر بە "یاسا كۆنەكە" هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئەو سەركردەیەی یەكێتی وتویەتی "گرنگ ئەوەیە ئاڕاستەی ڕووداوەكان بە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی بن لە كوردستان، یەكێتی لە ڕابردوودا قوربانی داوە و ئێستاش ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەكە بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان".



PM:08:00:02/06/2023