عەلی حەمە ساڵح بۆ وەزیری ناوخۆ: گەر لە خەمی هاتووچۆی خەڵکدان سەرەتا شەقامەکان چاک بکەن

ئەندامێکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان وەڵامی لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆی هەرێم دەداتەوە و دەڵێت" ئێمە پۆپۆلیست نین، دژی ئەوەین لە ژێر چەتری سەلامەتی خەڵکدا بزنس بکرێت بۆ بەرژەوەندی دوو کۆمپانیای دوو زۆنی". 

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێکدا کە وەڵامی وتەکانی رێبەر ئەحمەدی داوەتەوە ڕایگەیاند"  لە سەرەتاوە دژی بووم، تاکۆتایی دژی دەبم، هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرمە بەر، ئێمە پۆپۆلیست نین، دژی ئەوەین لە ژێر چەتری سەلامەتی خەڵکدا بزنس بکرێت بۆ بەرژەوەندی دوو کۆمپانیای دوو زۆنی".

دەشڵێت" نزیکەی ٥٠٠ کامێرا بە سیستمی پۆینت تو پۆینت دابندرێت و ٩٠٣ ئۆتۆمبیلی سفر کیلۆمەتر لە کۆمپانیا وەربگیرێت، ئەمە مەترسیدارە، هەرچی کایەی حوکمڕانیە بدرێتە کۆمپانیا کام کۆمپانیاش، من لە سەرەتاوە دژی بوم و تاکۆتایی دژی دەبم".

هەروەها عەلی حەمە ساڵح لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ وەزیری ناوخۆی هەرێم دەڵێت" ئەوەی ئێوە کردوتانە پێچەوانەی یاسایە (نوسراوی داواکاری گشتی ڕونە) دۆخی خراپی ڕێگاوبان و گوزەرانی خەڵک و داهاتی تاک ڕەچاونەکراوە، سزا نادرێتە کۆمپانیا، هێنان و دانان و بەڕێوەبردنی کامێرا نادرێتە کەرتی تایبەت، فەرموو گەر لە خەمی هاتوچۆی خەڵکدان، سەرەتا شەقامەکان چاک بکەن".

ئەمڕۆ رێبەر ئەحمە وەزیری ناخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) ڕایگەیاند" هەندێک کەس بەناوی شارەزا و پسپۆڕ لێناگەڕێن خەڵکی پسپۆڕی کاری خۆی بکات و دامەزراوەکانی حکومەت کار خۆیان بکەن، ئەو پۆپۆلیستانەی کەوا دەڵێن خەڵک زەرەرمەند دەبێت بیر لە سەلامەتی هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکان ناکەنەوە".


PM:03:42:04/06/2023