پەرلەمانی عێراق لەسەر بودجە بڕیار دەدات


ئه‌مڕۆ پێنج شەممو ٨ ی حوزەیران په‌رله‌مانی عێراق بە بەشداری سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی سێ ساڵی عێراق کۆدەبێتەوە.

پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە ‌كارنامه‌ی دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگدانە له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، تا ئێستا وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە دانیشتنەکە كاتژمێر ١ ی پاشنیوه‌ڕۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
دوای کۆبوونەوەی دوێنێ هاوپەیمانی دەوڵەت کە زۆربەی لایەنە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی تیایدا بەشدارە بڕیاریانداوه‌ به‌شداری له‌ دانیشتنی په‌رله‌ماندا بكه‌ن و دەنگ بە ٦٧ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ بدەن.

لە بارەی پشکی هەرێم و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دوێنێ لایەنە شیعەکان رایانگەیاند کە لەسەر لە ٨٠٪ کێشەکان رێککەوتوون.

دوێنێ هەردوولا رێککەوتن لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بفرۆشرێت، گەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بەوشێوەیە ئەنجام نەدرا، ئەوا هەمان ئەو بڕە نەوتە دەدرێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و داهاتەکەشی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

هەروەها رێککەوتوون کە سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت نەک وەزارەتی دارایی عێراق.

کێشەی گەورەی هەولێر لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بوو لە ماددەکانی ١٣ و ١٤ـی پرۆژە یاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەر درابوو.

چاودێران پێیانوایە ئێستاش ئەو دوو مادەیە مینێکە و رەنگە لە پەرلەماندا بتەقێتەوەو ئەو دەمە پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات.



AM:09:31:08/06/2023