ئەو پێشنیارەی یەکێتی کە پارتی توڕەکردو کۆبوونەوەی پەرلەمانی جێهێشت


ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەو بڕگەیەی مادەی 14ـی ئاشکراکرد کە کێشەی لەسەر دروستبووەو، لە ئەنجامدا پارتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی جێهێشت. 
 
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دیلان غەفوور ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی رایگەیاند لەو بڕگەیەدا هاتووە " حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان. خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا ( تەمویلکردن ) واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان".
 
لەسەر ئەم بڕگەیە کە یەکێتی پێشنیاری کرد بووە مایەی کێشە لە پەرلەمان و پارتی لە کۆبوونەوەکە کشانەوە، بەڵام دواتر کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکان. 

لەلایەکی ترەوە، خالید شوانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەو پێشنیارەیانەوە وتی" ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بوو کە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دەچێتە هەرێمی کوردستان، بدرێتە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و نەچێت بۆ شوێنی دیکە و قەرزی کۆمپانیا".

هەروەها وتیشی " حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان".
 
 خالید شوانی ئاماژەی بەوەش کرد ئەو پارەیەی کە بۆ پڕۆژەکان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەتوانێت راستەوخۆ لە بەغداوە پارەی ئەو پارێزگایە خەرج بکات کە ناڕازییە. 
 



AM:02:01:11/06/2023