دەقی ماددەی 14ی بودجەی عێراق چییە كە زۆرترین ناكۆكی لەسەر بوو؟


دەقی ماددەی 14ی بودجەی عێراق كە دوێنێ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا و تایبەتە بە هەرێمی كوردستان زۆرترین ناكۆكی نێوان لایەنەكان بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر بوو، ناكۆكییەكەش بەتایبەتتر لەسەر بڕگەی (هەشت) بوو.

ئەمەش دەقی ماددەكەیە..

دەقی مادەی 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو زۆرترین مشتومڕی لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە و ئەمەش دەقەكەیەتی
 
یەكەم:
 
أ - داهاتەكانی نەوتی هەناردەكراو بۆ دەرەوە و فرۆشراو لەنێوخۆدا، ئەوانەی لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێن، لە یەك هەژماری بانكی كە وەزارەتی دارایی عێراق لە بانكی ناوەندی دەیكاتەوە، هەڵدەگیرێن، كە لە هەناردە یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەكانەوە بەدەستدێن بەبێ هیچ لێبڕینێك، هەروەها هەموو هەژمارە هاوشێوەكان دادەخرێن. 
 
ب - وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەدات و لە  هەژماری بانكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكێكی باوەڕپێكراوەوە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە دەكرێتەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یان ئەو كەسەی كە سەرپشكی دەكات، دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەكەی دەبێت كە لەژێر چاودێریی حكومەتی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دەبێت.
 
دووەم:
 
دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی نەوت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان وردبینی لە هەردوو هەژمارە بانكییەكەدا دەكەن و چاودێریی دەكەن، ئەگەر نەتوانرا ئەوە بكرێت، گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی وردبینیی نێودەوڵەتی دەكرێت بەدەر لە رێنمایی و رێكارەكانی گرێبەستكردن بۆ چاودێریكردنی جووڵەی هەژمارەكە و مافی ئەوەی دەبێت وردەكاریی گواستنەوە و گرێبەستەكان و وردەكارییەكانی دیكەی پەیوەندیداری دەبێت، لەگەڵ شایستەی دارایی ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستی دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەكانیان لەگەڵدا كراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمێرەی مانگانە رادەستی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بكات بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی كوردستان و ناردنی بۆ فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقی بۆ ئەوەی بیخاتە نێو هەژمارەكانی دەوڵەتەوە.
 
سێیەم: 
 
هەردوو هەژماری ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی یەكەم بەتەواوی هاتوو و دەرچووەكانییەوە لەلایەن كۆمپانیای نێودەوڵەتیی وردبینیەوە وردبنینی دەكرێت، راپۆرتی خولی لەوبارەیەوەشەوە دەداتە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان.
 
چوارەم:
 
خشتەی داتای دارایی نیوەساڵ و ساڵانە بە واژۆی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردسان و چاودێریی هەژمارەكان (كۆمپانیای وردبینیی نێودەوڵەتی) پێشكێش دەكرێت و وێنەی دەدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق.
 
پێنجەم:
 
لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا بۆ پێداچوونەوەی گشتگیر بە قۆناخەكانی رابردوو پێكدەهێنرێت، كە تایبەتن بە كەرتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دەرچوون بە تێڕوانینێكی هاوتای دەستوور كە مایەی جێبەجێكردن بێت بۆ ئەوەی قۆناخی رابردوو پاكتاو بكرێت.
 
شەشەم:
 
بڕگەكانی یەكەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەمی مادەی 14 جێبەجێ دەكرێت لە رۆژی دەرچوونی ئەم یاسایە تاوەكو ئەوكاتەی یاسای نەوت و گاز دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
حەوتەم:
 
لەكاتی هەر ناكۆكییەك لەنێوان هەردوو حكومەتی  فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ماف و پابەندبوون و رێكارەكانی هاتوو لەم یاسایەدا، لیژنەكی هاوبەش لە نێوانیان پێكدەهێندرێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو ناكۆكییانە و بەرزكردنەوەی راسپاردەكانی بۆ پەرلەمان لەماوەی 30 رۆژدا، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەبارەیەوە بدرێت.
      
هەشتەم: 
 
ا - حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بۆ خەرجكردنی شایستە داراییەكانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجكردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاكان بەپێی پێوەرە جێگیركراوەكان لەم یاسایەدا
 
ب- بەپێچەوانەوە لەسەر سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییە، رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی -‌ا- لەنێویاندا پارەداركردن.




AM:10:36:11/06/2023