لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم، نووسراوێكی فەرمی دەرچووە كە لە بری شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کە یەکێتیەو دەستیلەکارکێشاوەتەوە، بریكارەكەی واژووی كردووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست ماڵپەڕی (سپی میدیا) كەوتووە و بەرواری ١١/٦/٢٠٢٣ ی لەسەرە، لە بری شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری دەستلەكاركێشاوەی حكومەتی هەرێم، بریكارەكەی "ل. وەزارەتی پێشمەرگە" واژووی كردووە.
ماڵپەڕی " سپی" لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری كاروباری حكومەتی پرسی كە لەڕووی یاساییەوە، ئایا ئەم شێوازە رێگەپێدراوە، ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەكرد "ئەم شێوەیە لەكاركردن یاسایی نییە و دەبوایە ناوی ئەو كەسەی واژووی كردووە و هەروەها لە بری وەزیری پێشمەرگە دابنرایە".
بەپێی نووسراوەكە كە وەكو فەرمانی وەزاری دەرچووە سێ بڕیاری لەخۆگرتووە، لە یەكەمیان هاتووە " لەئێستادا و بۆ داهاتوو دیاردەی دابەشكاری پەنجا بە پەنجا لەڕووی كەسی و لۆجستی و ئیداری و دارایی كاری پێناكرێت، لەبەرئەوەی هیچ بنەمایەكی لەیاسا كارپێكراوەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە".
لە خاڵی دووەمدا هاتووە "ئەنجامدانی كاروبارەكانی ئیداری و ژمێریاری و لۆجستی بەپێی پێداویستی و واقیع حاڵی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت، لەگەڵ جوگرافیای سەربازی و دۆخی ئێستای وەزارەتی پێشمەرگە بگونجێت".
لە خاڵی سێیەمیشدا دەَڵێت "ئەم فەرمانە لەڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت".
لە کۆتایی نوسراوەکەدا لە بری شۆڕش ئیسماعیل کەناوەکەی هەیە، پیتی " لە " دانراوەو بریکارەکەی واژووی کردووە.
دۆکۆمێنتەکە ببینە