گەنجێکی ٢٢ ساڵ بڕی دە ملیۆن دینار بەفێڵ لە کچێک دەسەنێت

مەفرەزەکانی نوسینگەی بەکرەجۆی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بەفێڵ بڕێک پارەی لەکچێک سەندبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند "دوای تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن باوکی کچێکەوە کە کەسێک بەفێڵ بڕی ١٠ ملیۆن دیناری لەکچەکەی سەندوەو دواتر پارەکەی بردوەو بۆ شوێنێکی نادیار ھەڵاتووە، دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد".

لەلێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوت کە تۆمەتبار بۆ شاری کەرکوک ھەڵاتووە، دواتر ھێزەکانی پۆلیس زانیارییان لەسەر شوێنی تۆمەتبار کۆکردەوە کە گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی، سەرەنجام و پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی بەکرەجۆی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانەوە لەشاری سلێمانی دەستگیربکرێت.

تۆمەتبار (ئ، ع، ح) لەدایکبووی ٢٠٠١ دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٣ لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.



PM:08:26:12/06/2023