وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆدی دامەزراندن سێ یەکەمەکە بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆدی دامەزراندنی بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی بۆ گەڕاوەتەوە و ئاراستەی زانکۆکانیانی دەکات.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە١٣ی حوزەیرانی٢٠٢٣ رایگەیاند" خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، ئاگاداردەکاتەوە کە کۆدی دامەزراندنیان گەیشتووەتە وەزارەتەکەیان و دەرچووان دەتوانن کۆدەکانیان لە زانکۆکانی خۆیان وەربگرنەوە".
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ماڵپەڕی وەزارەتەکەی راگەیاندووە "لە رابردوودا  لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکانی کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون و دانیشتووی پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، نێردراوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق. دواتریش بۆ ئەنجوومەنی راژەی عێراقی نێردراوە بۆ ئەوەی QR کۆدیان بۆ دروست بکرێت".
 
بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی وەزارەتەکە دەڵێت "ئێستا کۆدی دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان، ئەوانەی دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، گەیشتووەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە وەزارەتیشەوە نێرداوە بۆ هەریەک لەو زانکۆیانەی دەرچووان تێیدا دەرچوون، بۆ ئەمەش ئەوان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە".
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژەی بەوەشدا، پێوست ناکات هیچ یەکێک لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان بۆ ئەم بابەتە سەردانی وەزارەت بکەن، چونکە کۆدەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان نێردراوە و دەرچووان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.
 



PM:04:20:13/06/2023