دادگای فیدراڵیی سکاڵایەکی دژی دانانی پارەی نەوتی هەرێم لەئیمارات ڕەتکردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایەكی پەرلەمانتار عودەی عەوادی ڕەتكردەوە كە سەبارەت بەدانانی پارەی داهاتی نەوتی هەرێم لە(سیتی بانك)ی ئەبوزەبی تۆماریكردبوو.

عودەی عەواد ئەندامی كوتلەی سادیقونە لەپەرلەمانی عێراق کە باڵی سیاسی عەسائیبی ئەهلی حەقەو قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پەرلەمانتارە لەسكاڵاكەدا داوادەكات دادگا دانانی پارەی نەوتی هەرێم لەبانكەكەی ئەبوزەبی بەنادەستوری ناوببات بەوپێیەی لەدەرەوەی كۆنترۆڵی بانكی ناوەندیی عێراقدایە.

دادگای فیدراڵی وەڵامی سكاڵاكەی عودەی داوەتەوە، دەڵێت، "بەوشێوەی كە سكاڵاكە نوسراوە، لەتایبەتمەندی كاری ئێمە نییە، بۆیە ڕەتمانكردەوە".

پێدەچێت عودەی بەر لەپەسەندكردنی یاسای بودجە ئەم سكاڵایەی تۆماركردبێت، چونكە لەیاسای بودجەدا ئەو ڕێككەوتنەی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ هەڵوەشایەوە كە باسی لەوەدەكرد پارەی داهاتی نەوتی هەرێم لە(سیتی بانك)ی ئیمارات دابنرێت‌و چاودێری بكرێت، تەنها سەرۆك وەزیرانی هەرێم یان هەركەسێك كە ئەو ڕایسپێرێت بتوانێت پارەكە ڕابكێشێت.

ئەگەر ئەم ڕێككەوتنە لەیاسای بودجەدا پەسەندبكرایە، ئەوا مانگانە حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی بە(دۆلار) بۆ دەگەڕایەوە، بەڵام لەبودجەدا ئەم بڕگەیە ڕەتكرایەوە‌و دەستكاری كرا.


PM:03:56:14/06/2023