قوباد تاڵەبانی: نابێت ململانێ حیزبییەكان كاریگەرییان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت "نابێت ململانێی حیزبی و كێشە سیاسییەكان كاریگەرییان لەسەر جێبەجێكردنی رێڕەوی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە هەبێت".

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران (ماوە درێژكراوە)، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لە كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ وەفدێكی سەربازی بەریتانی رایگەیاندووە "نابێت ململانێی حیزبی و كێشە سیاسییەكان كاریگەرییان هەبێت لەسەر جێبەجێكردنی رێڕەوی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەكگرتوتر و تۆكمەتر و راهێنراوتر بێت".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستا و كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان دەربڕیوە و وتویەتی "پێویستە هەموو لایەك درك بە ‌‌هەڕەشەكان و مەترسییەكانی بەردەم هەرێمی كوردستان بكەن و بەرژەوەندییە باڵاكان نەكەنە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی".

هەروەها دەڵێت "نابێت دەستێوەردانی حیزبی و ململانێی سیاسی كاریگەری هەبێت لەسەر رێڕەوی جێبەجێكردنی خاڵەكانی پلانی چاكسازی و پرۆسەكە پەك بخات یان خاوی بكاتەوە".

ئەوەش لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا (سپی میدیا) بڵاویكردەوە، كە بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی پارتی، لە بری شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی كە "ئێستا دەوام ناكات" واژووی لەسەر نووسراوێكی وەزارەت كردووە، بەڵام هەر زوو لەلایەن لیوا روكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەت لە پشكی یەكێتی، ناوەڕۆكی نووسراوەكە رەتكرایەوە.



PM:07:08:15/06/2023