سودانی: نابێت رۆژنامەگەری ببێتە هۆكارێك بۆ ناوزڕاندن و كرداری هەڕەشە ئامێز


سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرگیز رێگە نادەن بواری رۆژنامەگەری ببێتە هۆكارێك بۆ ناوزڕاندن و كرداری هەڕەشە ئامێز.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵیادی رۆژنامەگەری عێراقیدا رایگەیاند "هەرگیز دەوڵەت رێگەنادات رۆژنامەگەری ببێتە هۆكارێك بۆ ناوزڕاندن و كرداری هەڕەشە ئامێز".

محەمەد سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق روونیكردەوە "چاومان لەوەیە ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ رۆژنامەنووسان دابین بكەین و نەبنە هۆكارێك بۆ دروستكردنی رای گشتی لەپێناو ئامانجی كەسیدا".

هەروەها ئاماژەی بەوەكرد "رۆژنامەوانی نابێت ببێتە دەرگایەك لەرووی ئەو كەسانەی دەیانەوێت ویستی خراپی خۆیان بسەپێنن، بەتایبەتی ئەو كەسانەی لەسەر ئاژاوە دەژین و ئامانجیان شكستهێنانی رۆڵی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسییە لەعێراقدا".

سودانی وتیشی: "هەندێك كەسیش هەن دەیانەوێت رۆژنامەگەری بۆ رەفتاری هەڕەشە ئامێز و ناوزڕاندن بەكاربهێنن، كە ئەوە شتێكە بە تەواوی لەلایەن دەوڵەتەوە رەتدەكرێتەوە".



PM:02:20:17/06/2023