لەبەیانییەوە شەڕی پێشمەرگە دەكەن
زیاتر لە 100 چەكدار لەبەعقوبەوە چوونەتە جەلەولا

‌عەبدولئەمیر زەیدی
لەمیانەی ئەو پیلانەی دژی كورد‌و پێشمەرگە لە جەلەولا لەئارادایە نزیكە 120 چەكدار لە بەعقوبەوە چوونەتە ناو جەلەولا‌و لەبەیانی ئەمرۆوە دەستیانكردوە بە تەقەكردن لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە لەنزیك جەلەولا.

سەرچاوەیەك لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سپی میدیای راگەیاند لەدوێنێوە نزیكەی 120 چەكدار بە بڕیاری فەرماندەی ئۆراسیۆنەكانی دیجلە فەریق روكن عەبدولئەمیر زەیدی چوونەتە ناو جەلەولا‌و شان بەشانی داعش تەقە لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكەن.

ئەو سەرچاوەیەی هێزی پێشمەرگە وتی: لەبەیانی ئەمرۆ شەممەوە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی گوندی وادی عۆسج كە لیوای 5 هێزی پێشمەرگەی لێیە، كەوتووتە بەر دەستڕێژ‌و تۆپبارانی داعش‌و ئەو چەكدارانەی كە لەبەعقوبەوە هاتوون‌و لەئەنجامدا ژمارەیەك بریندار لە هەردوو لا هەیە.

سەرچاوەكەی هێزی پێشمەرگە وتی: لەكاتێدا ماوەیەكە هەست دەكەین چەكدارەكانی داعش ژمارەیان لەجەولەلا بە تەواوەتی كەمبووەتەوە، بەڵام ناردنی ئەم چەكدارانە بۆ شاری جەلەولا لەلایەن عەبدولئەمیر زەیدی گوڕ‌و تینێكی داوەتەوە بە چەكدارەكانی داعش.

سەرچاوەكە وتی: ئامانجی سەرەكی زەیدی لەچەكداركردن‌و ناردنی گەنجەكانی هەرسێ عەشرەتی لهێب‌و كروی‌و كوبەیسی‌و، ناردنیان بۆ جەلەولا‌و سەعیدە تەنیا بۆ ئەوەیە كە ئەو دووشارە نەكەوێتە دەست هێزی پێشمەرگە لەكاتی كشانەوەی هێزەكانی داعشدا.


زیاتر بخوێنەرەوە.



PM:03:01:13/09/2014