ئەمڕۆ كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی راگرتنی دەرماڵەكانیان بایكۆتی سەرتاسەریان راگەیاند.
هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریان داوە لەئەمڕۆوە لەسەرجەم بنكە تەندروستییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە بایكۆتی سەرتاسەری رادەگەیەنن و تاوەكو گەڕانەوەی دەرماڵەكەیان بایكۆت بەردەوام دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، ئەو بودجەی كە پێویستە بۆ 166 بنكەی تەندروستی كەمە و سەرجەمی لە 20 ملیۆن دینار تێناپەڕێت، هێندەی پارەی مەراسیمێكە كە بۆ خۆنواندن ئەنجامی دەدەن، جگە لەوەش ستەمێكی زۆر گەورەیە هەمان دەرماڵە لە شارەكانی دیكە دەدرێت، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە نادرێت، كێشەكەشیان بە یەك تەلەفۆنی، وەزیری دارایی چارەسەر دەبێت.
هاوژین عوسمان روونیكردەوە "تەعینات، خوێندن، خواردن و دەرماڵەی خواردن بۆ پزیشك هەیە و بۆ كارمەندانی تەندروستی نیە، جگە لەوەش هەموو پزیشكەكان دبلۆم و ماستەر دەخوێنن، بەڵام كارمەندانی تەندروستی ئەو دەرفەتەیان پێنادرێت، وەزارەتی تەندروستی لەم كابینەیەدا یەك كورسی خوێندنی بۆ ئێمە دابین نەكردوە، لەكاتێكدا كابینەكانی پێشوو هەموو ساڵێك 50 كورسی خوێندن وەرگیراوە".