یەكێتی زانایان: چەند كەسێكی "سەلەفی" هێرشی ناڕەوایان كردۆتە سەر زانایانی ئیسلام


یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "لە چەند رۆژی رابردوودا، لەڕێی وتاری هەینی و چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەلایەن چەند كەسێك گوایە خۆیان بە سەلەفی لە قەڵەم داوە، هێرشی ناڕەوایان كردە سەر گەورە زانایانی ئیسلام و سوكایەتی زۆریان كردووە".

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئێمە لە یەكێتی زانایانەوە بە توندی ئیدانەی ئەم جۆرە گوتارە نابەجێ و ئاڵۆز و نابەرپرسانە دەكەین، كە لەگەڵ بنەماكانی برایەتی و سلوكی دینداری یەكناگرێتەوە، دواجار دەبێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر رەوشی دینداری و ئاشتی كۆمەڵایەتی و گوتاری ئاینی لە هەرێمی كوردستان".
 
یەكێتی زانایان ئاماژەی بەوەكردووە "بە هەموو شێوەیەك تەئكید لە برایەتی و رێزگرتن لە بۆچوونی گەورە زانایان و لەبەرچاوگرتنی واقعی كورد لە پەیڕەوكردنی رێڕەوی مەزهەبی ئیمام ئەبو حەسەنی ئەشعەری دەكەینەوە، كە مەزهەبی زۆرینەی ئەهلی ئیسلامە بە درێژایی پتر لە هەزار ساڵ".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "گەورە زانایانی كوردیش ئەو پارسەنگ و رێبازەیان پاراستووە و پەیڕەوكردووە، دەنگێگی نەشاز و نابەرپرس بیەوێ پشێوی و سووكایەتی و بێڕێزی بەرامبەر ئەم ئاراستەیە بگرێتەبەر، قابیلی قبوڵ نییە، بە پلەی یەكەمیش بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ئیدارەی خۆجێی سلێمانی و لایەنی پەیوەندیدار نابێ رێگە و دەرفەت بەم جۆرە كار و هەنگاوانە بدەن، دواجار وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیش بەرپرسیاری ئەم دۆخە دەبێت".
 



PM:09:29:20/06/2023