رۆشنبیران داوای وەستانی شەڕی نێوانی لایەنەكانی كۆمەڵە دەكەن


ژمارەیەك نووسەر و رۆشنبیر لە هەرێمی كوردستان داوای وەستانی شەڕ لە هەردوو لایەنی (كۆمەڵە)ی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن.

ئەمڕۆ ژمارەیەك نووسەر و رۆشنبیر لە هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا داوای وەستانی شەریان لە هەردوو لایەنی كۆمەڵە كردووە، چونكە زیانی بۆ هەموو لایەك هەیە.

دەقی راگەیەنراوەكە..

بانگەوازێك لە نوسەر و رۆشنبیرانی باشورەوە
ململانێی چەكداری نێوان لایەنەكانی كۆمەڵە شەرمەزار دەكەین و داوا دەكەین دەسبەجێ كۆتایی بێت.
چاوی نیشتمانپەروەر و ئازادی خوازان لەسەر شۆڕش و راپەڕینی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانە، كەچی ئەمڕۆ بەشەڕو ناكۆكی ناوخۆیی باڵەكانی كۆمەڵە بەخەبەرهاتین، بەوەش تەنهاو تەنها دڵی داگیركەران و بەتایبەت رژێمی كۆماری ئیسلامییان خۆشكرد. 
بەردەوامیدان بەو ململانێ نابەرپرسانە و ناشارستانییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سەركردایەتی باڵەكانی كۆمەڵە لەئاستی بەرپرسیارێتیدا نین و بەرژەوەندی نەتەوەیی و خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی ملیۆنان هاوڵاتی كوردستان و بەتایبەت رۆژهەلات لەبەرچاوناگرن.
بۆیە بەرپرسیارێتی تەواو لەئەستۆی كەسی یەكەمی هەردوو ئاراستەی كۆمەڵەكانە و مێژوو ئەم براكوژییە وەك ناپاكییەكی گەورەی نیشتمانی و نەتەوایەتی تۆمار دەكات. داوادەكەین كە ئەگەر ئیرادەی یەكگرتنەوەتان نیە لەئێستادا، لانیكەم وەك دوو هێزی جیاواز بەردەوام بن لەخەبات ئایندەش بۆ ئەوانەیە كە پرۆژە و ئامانج و خەمەكانیان گەورەترە بۆ نیشتمان و رۆژهەڵاتی كوردستان .
هاوكات داوا دەكەین؛
یەكەم؛ راگەیاندنەكان، بەتایبەت راگەیاندنی بێسەروبەری باشوری كوردستان،  رەچاوی ئاسایشی نیشتمانی كوردستان و پرەنسیپە ئەخلاقی و نەتەوەییەكان بكەن و لەپێناو بەبازاڕیكردنی میدیاكانییان هەواڵ و وێنەی ئەو ناكۆكیانە بڵاونەكەنەوە. هەر دەزگاو دامەزراوەیەكی میدیایی بێ لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپە نیشتیمانی و ئەخلاقییەكان، هەواڵ و زانیاری پەخشبكات، تەنیاو تەنیا خزمەتی بە داگیركەرانی كورستان و بەتایبەت رژێمی ئێران دەكەن، نااكرێت وەك میدیای نیشتمانی خاوەن پرەنسیپ و ئەخلاقی میدیایی پۆلێن بكرێت.
دوەم؛ بەكاربەرانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان خۆیان دوربگرن لەخۆشكردنی ناكۆكی و دوبەرەكی ناو حزبەكانی رۆژهەڵات و بەتایبەت كۆمەڵە، تا دەتوانن ریپۆرتی ئەو هەواڵ و وێنەو زانیاریانە بكەن كە لەلایەكەوە دەبنەهۆی سوودمەندبوونی داگیركەران و بەتایبەتیش رژێمی ئێران و لەلایەكی تریشەوە دەبنە هۆی بێ ئومێدكردنی هاوڵاتییان لە كوردستان بەگشتی و رۆژهەڵات بەتایبەتی.
سێیەم؛ داوا لەدەسەڵاتدارانی باشور و بەتایبەتیش نیشتمانپەروەرانی ناو هێزە كوردستانییەكان دەكەین رۆڵ ببینن لەدامركاندنەوەی ئەو ناكۆكییە و بەم ئەرك و هەڵوێستە نیشتیمانییەشیان پیلانەكانی رژێمی ئێران و توركیا دژ بە هەموو كوردستان پوچەڵ دەكەنەوە.
واژۆكان
ئیسماعیل حەمەئەمین- نووسەر
ئیبڕاهیم مەلازادە- ئەكادیمی و نووسەر
ئاسۆ عەبدوللەتیف- نووسەر و چاودێری سیاسی
ئارش فازیل- پارێزەری راوێژكار
ئارام رەفعەت – ئەكادیمی و نووسەر
هەردی دەروێش - نووسەر
هیوا ناسیح- نووسەر و چاودێری سیاسی
هیوا سیوەیلی- نووسەر
نیشتمان عەبدولقادر- شاعیر
محەمەد پشدەری- نووسەر
كامەران محەمەد- نووسەر و چاودێری سیاسی
كامەران محەمەد- ئەكادیمی و نووسەر
عەلی ئۆرەماری- نووسەر و چاودێری سیاسی/دهۆك
عومەر محەمەد – نووسەری بواری ئەنفال
شێركۆ مەحمود- چالاكوان
شێركۆ كرمانج – ئەكادیمی و نووسەر
سەردار عەزیز- ئەكادیمی و نووسەر
زمناكۆ ئیسماعیل- رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی
خالید كەریم- چالاكوان
حەسەن عومەر- نوسەر و چاودێری سیاسی
جەبار عەزیز- شاعیر
بەكر ئاڵەیی- نووسەر





PM:08:11:22/06/2023