پوتین دوای یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر: ئەوەی ڕوودەدات خیانەتێکی ناوخۆییە

سەرۆکی ڕووسیا لەبارەی یاخیبوونەکەی گروپی ڤاگنەر ڕایدەگەیەنێت" ئەوەی ڕوودەدات خیانەتێکی ناوخۆییە، ئێمەش بەرگری لە هەر هەڕەشەیەک دەکەین". 

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، ئەمڕۆ شەممە وتارێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە گرژییەکانی مۆسکۆ و گروپی ڤاکنەر ڕایگەیاند" وەڵاممان بۆ کودەتاچییەکان و خیانەتکاران توند دەبێت". 

لە میانەی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا، پوتین یاخیبوونی ڤاگنەری بە "خیانەتێکی ناوخۆی و چەقۆیەک لە پشت زانی"، لە هەمان کاتدا بەڵێنیدا" وەڵامدانەوەی توند بەرامبەر هەموو هەڕەشەکان و هاوکارانی ڤاگنەریش بە بەرپرسیار بزانێت".

وتیشی" کەسانێک هەن دەیانەوێت لە ڕووسیا بکێشنە بە ناوی شەڕی ناوخۆوە، بۆیە دەبێت هەمووان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و واز لەم ڕەفتارانە بهێنن و نەکێشرێنە ناو تاوانێکی لەو شێوەیە".

جەختیشیکردەوە" وەک سەرۆکی ڕوسیا و وەک هاوڵاتییەکی ڕوسی، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەرگریکردن لە ڕوسیا و ڕاگرتنی ئەم یاخیبوونە چەکدارییە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ڕێوشوێنی توند دەگیرێتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی لە ڕۆستۆڤ، ئێمە فەرمانمان داوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وڵاتەکەدا، هێزە چەکدارەکانیش فەرمانی بێلایەنکردنی ئەو کەسانەیان پێگەیشتووە کە یاخیبوونی چەکدارییان ڕێکخستووە". 

ئاماژەی بەوەشکرد" ئەو شەڕەی ڕوسیا ئەنجامی دەدات پێویستی بە یەکێتی هەمووان هەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلانە بیانییەکان". 

لە ئێستادا هێزەکانی ڤاگنەر سەرجەم دامەزراوە سەربازییەکانی شاری ڤۆرۆنیج کە (٥٠٠) کم لە باشووری مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیاوە دوورە کۆنتڕۆڵکردووە و فەرماندەى گروپەکەش هەڕەشەى چوونە ناو مۆسکۆ دەکات. 


AM:10:21:24/06/2023