هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی هەولێر باندێکیان دەستگیرکرد، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئافرەتانیان هەڵخەڵەتاندنووە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشاو هەڕەشەیان لێکردوون.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش توانیویانە باندێکی رێکخراوی تاوانکاری و هەڵخەڵاتاندنی کچان و ئافرەتان دەستگیر بکەن، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندیان پێوەکردوون و دواتر بە بڵاوکردنەوەی وێنە نەشیاوەکانیان هەڕەشەیان لە ئافرەت و کچەکان کردووە و بۆ مەرامی خۆیان بەکاریانهێناون.
ئاماژەشبەوە کراوە ،ئەو تۆمەتبارانە دانیان بە تاوانەکانیان داناوە و بەدواداچوونیش بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارەکانی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە.
سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ باندەکە کردووەتەوە کە پێنج کەسیان لێدەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن و رێکارە یاساییەکانیش بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکان رێچکەی خۆی وەرگرتووە.
هەروەها پۆلیسی هەولێر داوا لە دایک و باوکان دەکات زیاتر ئاگاداری منداڵەکانیان بن بەتایبەتی لە تەمەنی هەرزەکاری بۆ ئەوەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەلایەن کەسانیترەوە فێڵیان لێنەکرێت و بۆ هیچ مەرامێک بەکارنەهێندرێن لەژێر هەڕەشەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، پەیامی ئەوەش دەدەن بە کچان و ئافرەتان متمانە بەو کەسانە نەکەن لە سۆشیال میدیادا دەیانناسن و داوای وێنە و زانیاری کەسییان لێدەکەن و لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکیشدا بەبێ ترس لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.