ئەمڕۆ چوارشەممە ئاگرێکی گەورە لە چیای گۆیژە لە بەشی نزیکی گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی کەوتەوە و شوێنی ئاگرەکە سەختە بۆیە لە کۆنترۆڵکردنی ئاستەنگی بۆ تیمی بەرگری شارستانی دروستکردووە.
تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە و کۆنترۆڵیش نەکراوە و دیوێکی چیای گۆیژە سووتاوە و ئاگرەکە بەرەو رووەکەی دیکەی چیاکە دێت.
بە وتەی شایەتحاڵێکی ئاگاداری رووداوەکە، ئاگرەکە بەشێکی زۆری شاخی گۆیژەی گرتووەتەوە و بەرەو شاری نیشتەجێبوونەکان دێت و پوش و پەڵاشی چیای گۆیژەی سووتاندووە.
خەڵکی نزیک چیاکە و تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هەماهەنگی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن و شایەتحاڵێکی دیکەش دەڵێت، "ئاگرەکە گەورەیە و ژمارەی تیمەکانی شارستانی کەمە، هەرچەندە لە رێگای کۆپتەریشەوە ئاو دەگوزرێتەوەو هەوڵی کوژاندنەوەی دەدرێت".