زیاتر لە (٣٠) هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆکیان کردووە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت" زیاتر لە (٣٠) هەزار گەشتیار لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بۆ چێژوەرگرتن لە شوێنە گەشتیارییەکان سەردانی دهۆکیان کردووە". 

خەیری عەلی بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە (٣٠) هەزار گەشتیار لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دهۆکیان کردووە". 

وتیشی" ئەم ژمارەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاد دەکات و لیژنەی تایبەتیش بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە بازگەکان پێکهێنراوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک بەرەو گەشەسەندنی بەردەوام هەنگاو دەنێت، ئەم پێشکەوتنەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی کەرتی گەشتیاری و ئابووری لە پارێزگاکە. 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" بەهۆی بەردەستبوونی سامانی سروشتی وێنەکێش و شوێنەوارە دەوڵەمەندەکان، دهۆک بووەتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە دڵخوازەکان بۆ گەشتیاران لە ناوخۆی عێراقدا".


PM:09:15:28/06/2023