شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا کردووەو لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەتەوە، حکومەتی فیدراڵ داوای لە شاندەکە کردووە وردەکاری خەرجی و داهاتی هەرێمی کوردستانی بۆ بنێرن.
ماڵپەڕی رووداو لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە کە هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا سەردانی بەغدایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کۆبوونەتەوە.
یەکێک لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، داهاتی نا نەوتییە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی رادەستی بەغدای بکات و شێوازی رادەستکردنەوەکەی چۆن دەبێت، کە لە پشکی بەشە بودجە دەبڕدرێت یان شێوازی دیکە، ئەوە جگە لە میکانیزمی تەرخانکردنی ٥٠%ی داهاتی خاڵە سنوورییەکان بۆ ئەو پارێزگایانەی کە ئەو خاڵە سنووریانەیان تێدایە.
بەگوێرەی مادەی١٢ی یاسای بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست کراوە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی، هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە هاوهەنگی وردبینی لە زانیارییەکانی تایبەت بەو داهاتە نانەوتییانە دەکەن.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو جارێکی تر وەفدێکی هەرێم بۆ هەمان مەبەست سەردانی بەغدا بکاتەوە.